سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشمه‌رگه: وه‌زیری پێشمه‌رگه له ژێر فشاری حزبه‌كه‌یدا ده‌وام ناكات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشمه‌رگه، عیسا عوزێر، رایگه‌یاند، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه وه‌زیری پێشمه‌رگه له ژێر فشاری حزبه‌كه‌یدا ده‌وام ناكات و ده‌یانه‌وێت بیگۆڕن به كه‌سێكی دیكه.
عیسا عوزێر، له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 باسی له سه‌ردانی شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ به‌غدا كرد و گوتی: سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، خواستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌یه و له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور به‌ڵێنی دا هه‌موو هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش بكات.
له باره‌ی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌شی هێزه عێراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌وه گوتی: كابینه‌ی پێشوو ره‌وشێكی هه‌ستیار بوو، بڕیاردان له بودجه‌كه‌ی زه‌حمه‌ت بوو، له ماوه‌یه‌كی كورتدا له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێكرد و ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كراوه، به‌ڵام پێشتر سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بودجه ته‌رخان بكات، ئێستا موژده‌یان پێداوین، كه خراوه‌ته پڕۆژه‌یاسای بودجه‌وه، ئیدی چاوه‌ڕێی په‌سندكردنی بودجه ده‌كه‌ین.
روونیكرده‌وه، شوێنی دوو لیواكه دیاری نه‌كراوه، ئامانج بۆ ئه‌وه‌یه بۆشایی نێوان ئێمه و هێزه عێراقییه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: كۆبوونه‌وه‌ش كراوه بۆ پێكهێنانی دوو فیرقه، له یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا ئه‌فسه‌ری پێویست ده‌ستنیشان كراون، بۆ ئه‌وه‌ی په‌له بكرێت له پێكهێنانی فیرقه‌كان. هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و لیوایانه‌ی پێویسته بچنه ریزی ئه‌و دوو فیرقه‌یه‌وه ناویان ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ستراتیژی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه، سه‌رۆك ئه‌ركان گوتی: ئه‌وه‌ی له سه‌ركردایه‌تی پارتی گوێم لێبووه، به تایبه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، گوێم لێبووه، پشتگیری ته‌واوی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارمان بێت بۆ راده‌ستكردنی یه‌كه‌ی هه‌شتا بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه‌ی گوێم لێبووه له وه‌زیری پێشمه‌رگه، ئه‌وانیش هاوكارن و ئاسانكاری زۆریشیان كردووه، رێگری نییه، ته‌نیا له رووی ته‌كنیكییه‌وه كاتی ده‌وێت.
له باره‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌وه، سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشمه‌رگه ئاشكرای كرد، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه ده‌وامی نه‌كردووه، هیچ بڕیارێكی فه‌رمیمان پێ نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام قسه‌ی لابه‌لا كراوه، به نیازن كه‌سێكی دیكه ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌و پۆسته و بیستوومه ئاگادار كراوه‌ته‌وه نه‌یێته ده‌وام بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه ده‌ستنیشان بكرێت.
گوتیشی: ماوه‌ی پێنج مانگه وه‌زیر له ژێر فشارێكی زۆردا بووه، جه‌نابی وه‌زیر ره‌گه‌زێكی چالاك بووه له پێشخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی و هه‌بوونی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به پێویست ده‌زانم، هیوادارم سه‌ركردایه‌تی سیاسی پێداچوونه‌وه به بڕیاری خۆیاندا بكه‌ن، پێشبینی ناكه‌م كه‌سێك بێت وه‌ك كاك شۆڕش به‌و جۆره كار بۆ چاكسازی بكات.