رێبەر ئەحمەد داوایەک ئاراستەی سوودانی دەکات

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە محەممەد شیاع سوودانی کرد وەک عێراقییەک بیربکاتەوە و پابەندی رێكکەوتنی نێوان لایەنەکان بێت. 

رێبەر ئەحمەد لە پانێڵی (داهاتووی عێراق) لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆك لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە رایگەیاند، ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەین کە لەسەری رێککەوتووین.

رێبەر ئەحمەد بڕوای وایە، ئەگەر سوودانی هەوڵبدات وەک عێراقییەک بیربکاتەوە و ئەو ئەجێندایەی کە لەسەری رێکەوتوون جێبەجێبکات، دەبێتە سەرکەوتووترین سەرۆکوەزیرانی عێراق.

لە بارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی عێراق، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی نویی عێراق دەبێت لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێکدا، دەستبکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ هاووڵاتیان، ئەو خزمەتگوزاریانەی خەڵکی عێراق لێی بێبەش بوون و شایەنی ئەوەن پێشکەشیان بکرێت.

سەبارەت بە ئیدارەدانی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکان لە عێراق، رێبەر ئەحمەد باسی لەوەکرد، تەنیا شتێک کە لە عێراق بوونی نییە، ئیدارەدانی سەرکەوتووە، ئەگەر نا هەموو شتێکی دیکە لە عێراق بوونی هەیە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجێکی دیکەی ئەم حکومەتە، دەبێت تێپەڕاندنی چەند یاسایەک و داڕشتنی ژمارەیەک پرۆژەیاسا بێت، کە لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون، لەوانە ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی گشتی و زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، لەهەمانکاتدا پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان نەک لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لە ناوخۆیی عێراقیشدا، چونکە تا ئێستا عێراق یاسایەکی نییە بەناوی نەوت و غاز، ئەوەی هەیە یاسایەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو، ئێستاش سیستەمی حوکمڕانی عێراق لە سیستەمێکی مەرکەزییەوە گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی فیدراڵی، بەڵام تا ئێستا کار بە یاسا کۆنەکە دەکرێت و لە چوارچێوەی یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

رێبەر ئەحمەد هیواخوازە، حکومەتی نوێ راستگۆبێت و بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، گوتیشی "ئێمە دەبێت پشتگیری لە سوودانی بکەین، چونکە ئەو هیچ رق و کینەیەکی بەرامبەر بە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان نییە".

سەبارەت بە خاڵی لاوازی حکومەتی نوێی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران خاوەنی کوتلەیەکی سیاسی بەهێز نییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش خاڵی لاوازی حکومەتەکەیەتی و ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە رووبەڕووی سەرۆکوەزیران دەبێتەوە، لەبەرئەوەی لە عێراق رێگەنادرێت لایەنی براوە حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە پەنا دەبەین بۆ کەسێک کە لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکبکەون بۆ راپەڕاندنی ئیش و کارەکان.