شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە بچینە قۆناغی کردەیی و واز لە موجامەلە بێنین
K24 - هەولێر
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە واز لە موجامەلە بێنین و بچینە قۆناغی کردەیی بنێین و ئەرکی حکومەتە هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تاڕادەیەک خەڵک گەشبینە بەوە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی شتی نوێ پێشکەش بکات، بەڵام بەشێک لە خەڵکی عێراقیش رەشبینن، چونکە لە ماوەی رابردوودا بەڵێندراوە و جێبەجێ نەکراوە.
گوتیشی: "ئێمە پێویستە بچینە کردەیی و واز موجامەلە بێنین، هەر رۆژێک بۆ سوودانی گرنگە، بۆ ئەوەی متمانەی پێکهاتەکان بۆ حکومەت بگێڕێتەوە و هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140، هێنانی بودجە بۆ پەرلەمان بە تەوافق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە سوننە نشینەکان".
سەبارەت بە هێنانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، بۆ پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "بەپێی رێککەوتنی سایسی دەبێ ئەو پڕۆژەیاسایە بە رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق ئامادە بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەستەمە هەفتەی داهاتوو بودجە بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، چونکە هێشتا لە وەزارەتەکان تەواو نەبووە، دواتر دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.