شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیارێکی نوێ بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکانی سەر کوردستان دەخاتەڕوو

زاڵمای خەلیلزاد: ئەگەر عێراق ئامرازی پێویستی بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لەبەردەستدا نییە، دەبێ داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی سێشەممەی داهاتوو لەبارەی هێرشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشنیارێکی دەستووریی نوێ بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە دەخاتەڕوو.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کوردستان24 دەڵێ: دەبێت حکومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەکاربهێنێت. پێویستە هەرێمی کوردستان سەرپشک بکرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی کە ئەمەش کارێکی دەستوورییە.

هێرشی سوپای وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوون و چالاکی پارتەکانی دژبەری حکومەتەکانی ئەنقەرە و تاران، فراوانتربووە.

سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر کۆیە و زڕگوێزی سلێمانی کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەلایەن وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپایی و ئەمەریکاوە سەرکۆنەکران، بەڵام هەڕەشە و هێرشەکان هەر بەردەوامن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسیۆشێتدپرێس، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم لە بەغدا بووە و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی بەغدا کۆبووەتەوە. ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، قائانی بە پێویستی زانیوە پارتە دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و سوپای عێراق لەسەر سنوورەهاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیربێت و ئەگەر ئەو دوو مەرجە جێبەجێنەکرێن، هەڕەشەی هێرشی وشکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی کردووە.

تا ئێستا هەڵوێستی حکومەتی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، تەنیا "سەرکۆنەکردن" بووە و ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە عێراقییەکانی لێکەوتووەتەوە.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق بە پێویستی دەزانێت، حکومەتی بەغدا "ئیرادە و خواستی خۆی" بۆ چارسەرکردنی ئەو کێشەیە بە خەڵکی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدات.

خەلیلزاد لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 پێشنیار دەکات: ئەگەر عێراق ئامرازی پێویستی بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لەبەردەستدا نییە، دەبێ داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.