نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشی دووبارە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەبێت رابگیرێت

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و رایگەیاند: هێرشی دووبارە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەبێت رابگیرێت.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت: "هێرشی دووبارە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەبێت رابگیرێت، ئەم کارە شەڕانگێزییانە نەك هەر بە بێباکانە گرژییەکان زیاتردەکات، بەڵکو کارەساتیشی لێدەکەوێتەوە".

نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت: "تاکە رێگە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە دەرەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ بریتییە لە بەکارهێنانی ئامرازە دیپلۆماسییە دامەزراوەکان".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21/11/2022، ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) شەهیدبووە.