"ئێران له‌ بیانوو ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی كورد و ریفراندۆم بكات"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2a38f48a-cd43-4780-ad50-16292f8dadb9/HDKI%20hereshe.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران جارێكی دیكه‌، بە توندی ھەڕەشەی تۆپبارانكردنی بنكە و بارەگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیان لە باشووری كوردستان كرد،

بەرپرسانی حیزبی دیموكراتیش رەتیدەكەنەوە دوای ھەرەشەكانی سوپا، بنكە و بارەگانیان لە باشووری كوردستان چۆڵ كردبێت و دەڵێن ئێران بە بیانووی چالاكی پێشمەرگەكانی دیموكرات، دژایەتی پرسی كورد بە گشتی و پرسی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان دەكات.

كەمپی ئازادی، كە بۆ نزیكەی 20 ساڵە لە لەگەڵ بێدەنگ كردنی چەكەكان، پەنابەرانی رۆژھەڵاتی كوردستان تیایدا نیشتەجێن، لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەڕەشەی تۆپباران كردنی لێدەكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا شەڕ و تێكھەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە سنوورەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان روویدا.

حیزبی دیموكرات ئەو ھەڕەشەیە بە جیدی وەردەگرێت و بە بیانوویەكی ئێران، بۆ دژایەتیكردنی دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان و پرسی ریفراندۆم لە باشووری كوردستانی دەزانێت.

ئەگەرچی ئەو شەڕو تێكھەڵچوونە لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداراندا بووە، به‌ڵام باڵەكەی دیكەی حزبی دیموكراتیش لە ئامادەباشیدان.

حزبی دیموكراتی كوردستانیش پێیوایە ئێران ئەزموونی ساڵی 1996 دووبارە ناكاتەوە و ئەگەری ئەو ھێرشە بە دوور دەزانێت، بەڵام دەشڵێن، ھێرشی ئێران بۆ سەر بنكە و بارەگانیان، ھەڵەیەكی گەورەیە و ئێران تووشی شكستی سەربازی و سیاسی گەورەتر دەكات.

بەرپرسانی حزبی دیموكرات رەتیدەكەنەوە كەمپەكانیان لە ھەرێمی كوردستان چۆڵ كرابێت، ئەویش دوای ھەڕەشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ئێستاشدا ھێزەكانی پێشمەرگەی حزبی دیموكرات بەشێكیان لە شاخ و بەشێكیان لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان، لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر ئەگەرێكی نەخوازراو، ئەگەرێك كە لەگەڵ خێرایی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە، پرسی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان بە ئاراستیەیەكی دیكەدا دەبات.