بەریتانیا بۆ ئێران: پەیامەکەمان روونە، بوەستن

K24 – هەولێر
کۆنسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و روو لە تاران دووپاتیکردوە، "پەیامەکەمان روونە: بوەستن".
دەیڤید هەنت، کۆنسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا گوتی: دانیشتووانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فرۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسدارانی ئێران بوونەوە.
دەیڤید هەنت، لە پەیامەکەدا دووپاتیکردووەتەوە، "بەریتانیا بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە بێپاساوە لەگەل هەرێمی کوردستان دەوەستێت. پەیامەکەمان روونە: بوەستن."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 21ـی تشرینی دووەم) سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر کەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک هەولێر، کۆیە و دەوروبەری سلێمانی.
بە پێی بەیاننامەی فەرمی ئەو حزبانە، لەو هێرشانەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە.
سوپای پاسدارانی ئێران زۆر بەخێرایی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتەئەستۆ و بیانووەکەشی بۆ "دەستوەردان، هاندان و پشتگیری خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی شار و شارۆچکەکانی ئێران" لەلایەن ئەو حزبانەوە گەڕاندەوە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رەتیدەکاتەوە دەستوەردانی راستەوخۆی لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت و دووپاتیکردووەتەوە، حکومەتی تاران لە ئاستی ناخۆدا گوشاری لەسەرە و لەو کاتانەشدا بەردەوام، کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی بۆ دەرەوە هەناردە دەکات.
