بەهۆی گیان لەدەستدانی کارمەندێک فڕۆکەیەک بە ناچاری لە هەولێر نیشتەوە

K24 – هەولێر

بەهۆی گیان لەدەستدانی کارمەندێک، فڕۆکەیەکی هێڵی بەحرەینی بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتەوە.

ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22/11/2022، فڕۆکەیەکی هێڵی بەحرەینی کە لە بەحرینەوە بەرەو فەرەنسا فڕیوە، لە ئاسمانی عێراق کارمەندێکی خزمەتگوزار لەناو فڕۆکەکە جەڵتەی دڵی لێداوە و گیانی لەدەستداوە، بۆیە داوایان کردووە فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر بنیشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە هەولێر تەرمی کارمەندەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا، فڕۆکەکەش بەرەو فەرەنسا فڕیوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشکراشی کرد، ئەو کارمەندەی لەناو فڕۆکەکە گیانی لەدەستداوە خەڵکی بەحرەینە.