بەشار ئەسەد داوایەکی ئەردۆغان رەتدەکاتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی ئێران داوای کۆنتڕۆڵکردنی رۆژئاوای کوردستان دەکات، داواشیکردووە شاندێک بنێرێتە سووریا، بەڵام داواکەی لەلایەن بەشار ئەسەد رەتکراوەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێگەی ئێرانەوە داوایکردووە شاندێك بنێرێتە سووریا، بەڵام ئەم داواکارییەی تورکیا لەلایەن بەشار ئەسەدەوە رەتکراوەتەوە و داوا دەکات لە ریگەی وڵاتی سێیەمەوە ئەو کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت.
ئاژانسی هەواڵی ئەسیۆشەیتید پرێس پەیامێکی ئەردۆغان بۆ ئەسەد ئاشکرا دەکات و دەڵێت "سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە بەشار ئەسەد کردووە هێزەکانی حکومەتی سووریا رۆژئاوای کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن، رێگەش نەدات نەوت و گاز لەلایەن هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەکاربهێندرێت و پەنابەرانی سووریش بگەڕێندرێنەوە سووریا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەردۆغان بۆ ئەو مەبەستە داوایکردووە شاندێك لە ئەنقەرەوە بۆ شام بنێرێت، بەڵام داواکەی سەرۆککۆماری تورکیا لەلایەن بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا رەتکراوەتەوە، داوای کردووە کۆبوونەوەکە لە وڵاتی سێیەم ئەنجامبدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینیش دەکات، وەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 23/11/2022، لەگەڵ فراکسیۆنی حزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەمەودوا هێرشەکانیان تەنیا لە ئاسمان نابێت، بەڵکو هێرشی زەمینی دەستپێدەکەن.