حكوومەتی ھەرێم وەڵامی ھەڕەشەكانی ئێران دەداتەوە
"ھەڕەشە لە كەس قبوڵ ناكەین"
K24 - ھەولێر
لە راگەیاندراوێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی هەڕەشەكانی سەردار سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە و رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڕەشەكانی سەردار سەلامی ڕەتدەكاتەوە و دراوسێیەتییەكی هەمیشەییی باش وەك بنەمای پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران دەبینێت. لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا".
دەقی راگەیاندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە :
سەردار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ لە وتاری نوێژی هەینیدا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێمی كوردستانی لە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد.
ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی ڕەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت.
ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا .
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاریی دۆستانە و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتی و هاوكاریی هەمیشەیی، بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی ڕاستەقینە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
2-7-2016