پاپا فرانسیس: پارەیەکی کەم لە کریسمسدا خەرج بکەن
"بڕێك لەو پارەیەی بۆ کریسمس داتانناوە، بیدەن بە ئۆکرانیا"

K24 - هەولێر:
پاپا فرانسیس داوا لە هاوڵاتیان دەکات بەشێک لەو پارەیەی بۆ ئاهەنگی ساڵی نوێ دایانناوە پێشکەشی ئۆکرانیای بکەن.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، ساتێکی خۆشە کاتێک ئاهەنگی ساڵی نوێ دەگێڕیت، بەڵام با پارەیەکی کەمتر خەرجبکەین و ئەوەی دەمێنێتەوە بیبەخشێنە هاووڵاتیانی ئۆکرانیا.
پاپای ڤاتیکان جەختیشیکردەوە، "هاوڵاتیانی ئۆکرانیا ئازاردەچێژن، سەرمایانە و لەکاتی نەخۆشی دکتۆر و پەرستاری پێویست نییە چارەسەریان بکات، با ئەمساڵ ئاهەنگێکی سادە بگێڕین و بەو پڕە پارەیەی دەمێنێتەوە کەمێک لە بارگرانییەکانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیای پێ سووک بکەین".
رۆژی سێشەممە (13ـی کانوونی یەکەم/ دیسێمبەر) وڵاتانی ئەوروپی هاوپەیمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەڵێنیاندا یەک ملیار یۆرۆ کە دەکاتە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، وەک هاوکاریی فریاگوزاری زستانە بدەن بە ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لەکاتێکدا رووبەڕووی هێرشی ڕووسیا دەبێتەوە.