كریستیانۆ بهرهو سعوودییه بهڕێكهوت

سعوودییەکان دوای راگەیاندنی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ کڕینی درێسی ژمارە 7ـی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نۆرەیان گرتووە و تەواوی درێسەکانی نەسر فرۆشراون تەنانەت هاندەران درێسە کۆنەکانیان دەهێننەوە بۆ ئەوەی ناوی کریستیانۆ و ژمارە 7ـی لەسەر بنووسن.
دوای ئەوەی یانەی نەسر بەفەرمی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆی راگەیاند و ئەو هێرشبەرە پۆرتوگالییە درێسی یانە سعوودییەکەی بەرزکردەوە، هاندەرانی یانەکە بە لێشاو روویان لە فرۆشگای یانەکەیان کرد بۆ ئەوەی درێسی ژمارە حەوتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکڕن.
تەنیا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر بایی دوو ملیۆن ریال درێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانە نوێیەکەی فرۆشران، تەنیا بە چەند کاتژمێرێک تەواوی درێسەکانی یانەی نەسر لە بازاڕەکان فرۆشران و هاندەرانی یانەکە درێسە کۆنەکانیان دەبەنە فرۆشگاکانی یانەکەیان بۆ ئەوەی ناو و ژمارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لەسەر بنووسن.
سعوودییەکان پێیانوایە گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنیا خزمەت بە یانەکەیان ناکات بەڵکو خولی سعوودیە دەباتە قۆناخێکی نوێ.
وابڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوو دۆن بگاتە سعوودیە و رۆژی سێشەممە وەکو یاریزانی نوێی یانەکە لە مەراسیمێکی گەورە بە هاندەران بناسێنرێت و پێشبینی دەکرێت رۆژی پێنجشەممە لە یاریی بەرامبەر تائی لە گەڕی دوازدەمی خولی سعوودی ئامادە بێت.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی سعوودیە، گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکو زەمین لەرزەیەک کاریگەری لەسەر تۆپی پێی سعوودیە دروستکردووە، کەناڵەکانی پۆرتوگاڵ هەرزوو دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە بۆ ئەوەی مافی پەخشی یارییەکانی نەسر لە خولی سعوودییە بکڕنەوە، ئەو هەوادارانەی کریستیانۆ کە هاندەری یانەی هیلالن تووشی کێشە بوون لە نێوان هاندانی کریستیانۆ و هاندانی یانەکەیان لەدژی یانەی نەسر.
