شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: له‌ به‌غدا زۆر پۆست هه‌ن و‌ پشكی كوردن تا ئێستا وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایده‌كات، له‌ به‌غدا زۆر پۆست هه‌ن و‌ پشكی كوردن، تا ئێستا وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه.‌

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه‌ رۆژنامه‌نووس ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، كۆمه‌ڵێك پۆستی ئه‌منی له‌ عێراقدا هه‌ن پشكی كوردن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كوردێك له‌و پۆستانه‌ دانه‌نراوه.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر پۆسته‌ ئه‌منییه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر پۆستی سوپاسالار نییه‌، به‌ڵكو زۆر پۆستی دیكه‌ش هه‌ن كه‌ پشكی كوردن و تا ئێستا وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ناكرێت وه‌زیری ناوخۆ و هه‌رچوار بریكاره‌كه‌ی عه‌ره‌ب بن و هیچ كوردێك له‌و پۆستانه‌ نه‌بێت.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتیشی: "داوای ئه‌و پۆستانه‌یان كردووه‌، كه‌ پێشتر به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بوون و به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كان له‌ رۆژانی داهاتوو هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه"‌.