جوتیار عادل: ئەو سێ رۆژەی کراوەتە پشوو بۆئەوەیە زیاتر لە دۆخی بوومەلەرزە ئاگاداربین

"30 پزیشک لە پسپۆڕییە جیاوازەکان رەوانەی تورکیا کراون"
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیاندنی سێ رۆژ پشوو باسی لەوەکرد، ئەو سێ رۆژەی کراوەتە پشوو، بۆئەوەیە زیاتر لە دۆخی بوومەلەرزە ئاگاداربین، بە مەبەستی پاراستنی ژیان و سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەئەگەری لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و سووریا، رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت پێشنیازی کەمپەینێکی کۆکردنە و گەیاندنی کۆمەکی کردووە بۆ هاوکریکردنی هەردوو وڵات، ئەنجوومەنی وەزیرانیش پێشنیازەکەت پەسەند کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ رێکخستنەوە و ئاراستەکردنێکی دروستی ئەم کەمپەینە، پارێزگاکارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەم ئەرکە راسپرێردران، کە ئەمەش عورف و یاسایەکە بۆ کاتی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتێکی لەمجۆرە.

جوتیار عادل سوپاسی هاووڵاتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دەستپێشخەرییان لە پێشکەشکردنی هاوکاری لەو کەمپەینەدا.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیەگەیاند، تیمەکانی ئێمە ئێستا لە تورکیان و لەکارەکانی خۆیان بەردەوامن، نزیکەی 84 کارمەندی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە تورکیایە و لە هەوڵی ئەوەشداین، بچنە سووریا، هەندێک بەربەست هەیە بۆ چوونە سووریا کە هیوادارین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چارەسەر ببن و هاوکارییەکانمان بگەن بەوێش.

تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان لە 84 کەس پێکدێت و 25 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان نێردراون، هەروەها 30 پزیشک لە پسپۆڕییە جیاوازەکان رەوانەی تورکیا کراون.

رۆژی 6/2/2023 دوو بوومەلەرزە باکووری کوردستان و تورکیا، هاوکات بوومەلەرزەیەک رۆژئاوای کوردستان و سووریای هەژاند، کە گوڕی بوومەلەرزەکان لە سەرووی حەوت پلەی رێختەرەوە بوون، زیانی زۆری لێکەوتەوە تا ئێستا تیمەکان سەرقاڵی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانەن کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەکان.