گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە لە بانکەکانی سلێمانی دەستیپێکرد

K24 - سلێمانی
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە لە بانکەکانی سلێمانی کردووە و لە رێگەی پێنج نووسینگەوە مووچەی خانەنشینان و بەشێک لە چین و توێژەکان دابەش دەکرێت، بەڕێوەبەرى بانکى مەڵکەندى رایدەگەیەنێت، لەبەرنامەیاندایه پڕۆژەکە فراوانتر بکرێت و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاو ناحییەکانیش بگرێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا یەکێک لە کێشەکان کە مانگانە لە سلێمانی دووبارە دەبووەوە، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بوو، خەڵکێکی زۆر لەبەردەم بانکەکان کۆدەبووەوە، بەڵام لەمەودوا مووچەی خانەنشینان لە سلێمانی بەشێوەى ئەلیکترۆنى دابەش دەکرێت، وەک هەنگاوى یەکەم نزیکەى 25 هەزار خانەنیشینى شارستانى ئەم مانگە بەوشێوەیە مووچەکانیان وەرگرت مانگى ئایندەش رێژەکە زیاتر دەکرێت.
شۆخان عومەر، بەڕێوبەرى بانکى مەڵکەندى بە کوردستان24ی گوت: "مامەڵەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی خانەنشینان لەم مانگەدا بەشێکیان تەواو بووە بۆ مانگی داهاتووش ئەوانی دیکەش بەوشێوەیە مووچە وەردەگرن".
گوتیشی: "لە بەرنامەماندایە ئەو شێوازەی دابەشکردنی مووچە فراوان بکەین و قەزا و ناحیەکان بگرێتەوە، هەتا سنووری ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، هەمووی دەبێت بە ئەلیکترۆنی".
لە بەرنامەی وەزارەتى داراییدایە مووچەی سەرجەم خانەنشینان لە یەک بانکدا بەناوی بانکی خانەنشینی کۆبکەنەوە و بەسیستەمێکی پێشکەوتوو مووچەی خانەنشینان دابەش بکەن، کە ژمارەیان زیاتر لە 86 هەزار مووچە خۆرە لەو ژمارەیە نزیکەی 50 هەزاریان خانەنشینی شارستانین و نزیکەی 36 هەزاری دیکەشیان خانەنشینی سەربازین.