عێراق لە رێگەی دوو بانکەوە یوانی چینی دەکڕێت
K24 – هەولێر
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە رێگەی دوو بانکەوە دراوی یوانی چینی دەکڕێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژکاری سەرۆکی وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەردوو کۆمپانیای JP Morgan و "Singapore Development Bank" دۆلار لە ئەژماری بانکی ناوەندی دەگۆڕنەوە بە یوانی چینی.
ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق کە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ئۆپێک، پەیوەندی بە ئابوورییە دیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەکات، وەک سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بۆ گەڕان بەدوای پەیوەندییە بازرگانییە نانەوتییەکان، بە بەکارهێنانی دراوی جیاواز جگە لە دۆلاری ئەمەریکی.
ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق یوانی یەدەگی هەیە و بەکاری دەهێنێت بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی راستەوخۆ لەنێوان عێراق و چین.
بەگوێرەی داتاکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین، ساڵانە زیاتر لە 53 ملیار دۆلار زیاترە و چین یەکەم هاوبەشی بازرگانی عێراقە.