ناوەڕۆکی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2023 لە کوردستان24 بخوێنەوە

K24 – هەولێر:

حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 پەسەند کرد کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (13ی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی گشتی پەسەندکرد و بڕیاریدا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی بکات بە مەبەستی پەسەندکردن.

بەهای دۆلار لەسەر نرخی ئێستای بانکی ناوەندیی عێراق لە بودجە جێگیرکراوە کە بریتییە لە یەک دۆلار بەرامبەر هەزار و 300 دینار، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.

لە ناوەڕۆکی پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، دۆزینەوەی چارەسەری دەستووری بۆ کێشە داراییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای بڕینی خەرجی سیادی، فرۆشی نەوت و داهاتە گومرگییەکان و پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی.

پێشتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەم بودجەیەی ئامادەکراوە، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ـى ساڵی 2019، کە رێگەیداوە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ماوەی سێ ساڵ بودجە پێشکەش بکات، بۆیە ئەم بودجەیە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 ئامادەکراوە.

هەروەها محەممەد شیاع سوودانی گوتی، "پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مجاره‌ش هه‌مان ئه‌و رێژه‌یه‌یە كه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵانی پێشوودا هه‌بوو، واتا رێژه‌كه‌ی 12.67%ـه‌".

لە بودجەدا هاتووە، پێکهێنانی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان کە پێکدێت لە سندووقەکانی تایبەت نیشتەجێکردن، خوێندن، پیشەسازی، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیای زانیاری کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری پارەدارکردنی بەردەوامی ژینگەی وەبەرهێنان و بووژانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری لە وڵاتدا، کە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ تەرخانکراوە.

تەرخانکردنی 650 ملیار دینار بۆ مووچەی سوودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و تەرخانکردنی 150 ملیار دینار بۆ مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی خۆیان تەرخاندەکەن بۆ خزمەتی کەمئەندام. لەگەڵ زیادکردنی سەرمایەی سندووقی قەرزی بێکاران بە بڕی 400 ملیار دینار.

سەبارەت بە کەرتی تەندروستی، لە بودجەی گشتیدا، 200 ملیار دینار بۆ چاککردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چارەسەری لە سەنتەرەکانی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێن، لەگەڵ تەرخانکردنی 200 ملیار دینار بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و 448 ملیار دیناریش بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە.

بۆ باشترکردنی سێکتەری کارەباش، ترلیۆنێک و 412 ملیار دینار بۆ چەندین پرۆژەی تایبەت بە وێستگەکانی کارەبا و تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا تەرخانکراوە.

لە پرۆژەیاسای بودجەدا، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە بۆ فرۆشتنی رۆژانەی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت کە 400 هەزار بەرمیل فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەخۆدەگرێت.

سەبارەت بە کۆی گشتی بودجەی تەرخانکراو، بریتییە لە 198 ترلیۆن و 683 ملیار و 719 ملیۆن و 472 هەزار دینار کە 75%ـی بۆ خەرجی بەکاربردن، 25% بۆ خەرجی وەبەرهێنان دابەشکراوە، کە 6.4% بۆ قەرزی گشتی و 29.7ـیش بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی نوێ و 14.6%ـش بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی لە خۆدەگرێت.

لەبارەی خەرجی وەبەرهێنان لە بودجەی گشتیدا روونکراوەتەوە، 49 ترلیۆن و 419 ملیار دۆلار کە نزیکەی 25%ـی کۆی گشتی بودجە دەکات، بۆ پیشینەی کارەکانی حکومەتی عێراق تەرخانکراوە بۆ سێکتەرەکانی تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا، کشتوکاڵ، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و حکومەتی ئەلیکترۆنی.

هەروەها حکومەتی عێراق، کۆی گشتی داهاتەکانی لە بودجەدا بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار خەمڵاندووە، لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتەکان، لەوانەش ئەو بڕ و نرخەی بۆ فرۆشی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی دیاریکردووە لەگەڵ بەهای جێگیرکراوی دۆلار، کە رێژەی 87%ـی کۆی ئەو داهاتە لە خۆدەگرێت.

لە پرۆژەیاسای بودجەدا، حکومەتی عێراقی جەختی لەسەر چاکسازیکردن لە سیستمی باجدا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، باج لەسەر هەموو مۆڵ و بازارە گەورەکان، بەنزینخانەکان دەچەسپێنێت. لەگەڵ دانانی رسومات لەسەر بەنزین و گاز و پێکهاتەکانی دیکەی نەوت و کۆمپانیاکانی پاڵاوتن.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆژەیاسای بودجە لەبارەی کورتهێنانی پلان بۆ دارێژراوی لە بودجە 64 ترلیۆن و 130 ملیار و 800 ملیۆن و 409 هەزار دینار خەمڵاندووە.

قەرزەکانی عێراقیش بەشیکی دیکەن لە پرۆژەیاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوە، بەشێوەیەک پێنج ملیار و 867 ملیۆن دۆلار لە قەرزەکانی پێش ساڵی 1990 لەسەر عێراق ماوەتەوە، لەگەڵ 40 ملیار و 401 ملیۆن دۆلار کە تاوەکو ئێستا چارسەر نەکراوە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس، هەروەها 12 ملیار و 926 ملیۆن دۆلاریش قەرزەکانی دوای ساڵی 2003ـیە کە زۆرینەی بەهۆی شەڕی دژ بە تیرۆرەوە لەسەر عێراق کەڵەکە بووە. جگەلە 70 ترلیۆن و 505 ملیار دینار کە تایبەتە بە قەرزی ناوخۆیی کە بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆڕۆناوە لەدوای ساڵی 2020 زیاتر کۆبۆتەوە لەسەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.

بۆ خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، ئێرە کلیک بکە.