ڤاگنەر: ناوەندی شاری باخمووتمان گرت
K24 - هەولێر:
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، ناوەندی شاری باخمووتیان گرتووە و چوونەتە ناو باڵەخانەی ئیدارەی شارەکە.
یێڤگینی پریکۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دووپاتیشیکردەوە، ئاڵای رووسیا و گرووپی ڤاگنەر لە تەواوی شارەکە هەڵدەکەن.
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر گوتی: بەشێوەیەکی یاسایی، باخموتمان گرت و فەرماندەی هەموو ئەو یەکانە باڵەخانەی ئیدارەی شارەکە و تەواوی ناوچەکانیان گرتووە ئاڵای کۆمپانیای سەربازی ڤاگنەر هەڵدەکەن.
یێڤگینی پریکۆژین لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لەوەکرد، هەرچەندە ئۆکرانییەکان هێشتا لە رۆژهەڵاتەوە ماون، بەڵام ئەوان شارەکەیان گرتووە و بە هی خۆیانی دەزانن.
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر، لە ڤیدیۆکەیدا دەڵێت: ئەو باڵەخانەی پشتەوەم باڵەخانەی ئیدارەی شارەکەیە و ئاڵای رووسیاشی لێهەڵدەکەین بۆ بەرزڕاگرتنی رۆحی ڤلادلین تاتارسکی، ئەو بڵۆگەرە رووسییەی لە سانت پێترسبێرگ کوژرا، ناوی لەسەر ئاڵاکە نووسراوە.
رووسیا لە (24ـی شوبات/فێبرایەری 2022)، هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.