کۆریای باکوور ژێر دەریایەکی ئەتۆمی تاقیدەکاتەوە

K24 - هەولێر:
کۆریای باکوور ژێر دەریایەکی ئەتۆمی تاقیکردووەتەوە کە توانای بڕینی هەزار کیلۆمەتری لە ماوەی 71 کاتژمێردا هەیە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا کۆریای باکوور ژێردەریایەکی ئەتۆمیی تاقیکردووەتەوە.
ئاژانی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەشکردووە، لە وەڵامی مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشووردا، ژێر دەریاییەکی ئەتۆمییان تاقیکردووەتەوە کە هیچ تیمێکی لەسەر نییە و کۆنترۆڵکردنی لە ناوەندە سەربازییەکانەوەیە، و تایبەتمەندی هێرشبەریشی هەیە.
باسی لەوەشکردووە، ژێردەریاییەکە ناوی هایل 2 و توانای بڕینی هەزار کیلۆمەتری لەماوەی 71 کاتژمێردا هەیە و دەتوانێت لەمەودایەکی دووریشەوە ئامانجەکەی بپێکێت.
ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکوور ئەوەشیخستوەتەڕوو، تاقیکردنەوەی ژێردەریاییەکە ئاماژەیە بۆ ئامادەیی کۆریای باکوور بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناوبەر بۆسەر دووژمنەکانی.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەماوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ژێردەریای "یو ئێس ئێس فلۆریدا" کە بە وەزەی ئەتۆمی کاردەکات و هەڵگریی موشەکی ئەتۆمییە، رەوانەی ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
فەرماندەیی هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ژێردەریایی ئو ئێس ئێس فلۆریدا گەیشووەتە کەناڵی سوێس لە میسر و پەیوەندی بە کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکاوە لە بەحرەین دەکات.
سەبارەت بەهۆکاری ناردنی ئەو ژێردەریاییە ئەتۆمییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەرماندەیی هێزی دەریایی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا مەبەست لەناردنی پاراستنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەشێوەیەکی گشتی.