26 حزب ناوی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی تورکیا پێشکەشکردووە

K24 - هەولێر

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا ئاشكرایكرد، 26 حزبی سیاسی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان بۆ 28ـەمین خولی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا پێشكه‌شكردووه‌.

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 9ی نیسانی 2023 وادەی رادەستکردنی لیستی بەربژێرانی حزبە سیاسییەکان کۆتاییهات و 26 حزبی سیاسی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکەشکردووە.

راشیگه‌یاند: "هەر یەک لە پارتی یەكێتی دارپەروەری، پارتی دادپەروەری، پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی نیشتمانی دایک، پارتی تورکیای سەربەخۆ، پارتی یەکێتیی مەزن، پارتی تورکیای مەزن، پارتی گەلی کۆماری، پارتی گەنج، پارتی هێزی یه‌كگرتوو، پارتی ماف و ئازادییەکان، پارتی رزگاریی گه‌ل، ئیی پارتی، پارتی وڵات، پارتی میلله‌ت، پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پارتی رێگای نیشتمانی، پارتی چەپ، پارتی کرێکارانی تورکیا، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، پارتی نیشتمان، پارتی سەرلەنوێ رەفا، پارتی نوێبوونەوە، پارتی سه‌وزه‌كان و ئایندەی چەپ و پارتی سەرکەوتن لیستی ناوی بەربژێرەکانیان رادەستی دامەزراوەکەمان کردووه‌".

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ماددەکانی 14،13، 15 و 16ـەمینی یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان تاکو 11ی نیسان لێکۆڵینەوە لە پابەندبوونیان بە مەرجەکان دەکرێت، ئەگەر هەر کەموکوڕییەک هەبێت ئەوا حزبە سیاسییەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە تەواوی بکەن.

بڕیارە لە 14ی ئایاری 2023، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت. لەو هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن هاووڵاتی لە تورکیا و باکووری کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و چوار ملیۆن هاووڵاتیش لە دەرەوەی تورکیا دەنگدەدەن. بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردەکان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، 190 هەزار بنکەی دەنگدانی دیاریکردووە لە تەواوی شار و ناوچەکانی تورکیا و باکووری کوردستان.