لە ئێران سزای لەسێدارەدان بە رێژەی سەدا 75 بەرزبووەتەوە
K24 - هەولێر
ژمارەی ئەو سزا لەسێدارەدانانەی لە ساڵی 2022 لە ئێران جێبەجێکراون، بە رێژەی 75% زیادیکردووە و لانیکەم 582 کەس بەشێوەی هەڵواسین لە سێدارە دراون.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەیەک لە ئێران بەردەوام بوون.
هەردوو رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و رێکخراوی ئەنسەمپڵ کۆنتر لا بەین دومۆر کە بنکەکەیان لە نەرویج و پاریسە، رایانگەیاند، سزای لەسێدارەدانی 582 کەس، زۆرترین ژمارەیە کە لە ساڵی 2015ەوە، لە ئێران تۆمار کراوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021، 333 کەس سزای لە سیدارەدانی بەسەردا جێبەجێکراوە.
ئەو دوو رێکخراوە لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە، سزای لەسێدارەدان "جارێکی دیکە وەک ئامرازێکی تۆقاندن و سەرکوتکردن لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی دەسەڵاتەکەی جێبەجێکراوە.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند: "لەپێناو بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو دانیشتوان و گەنجانی خۆپیشاندەران، دەسەڵاتداران بەهۆکاری ناسیاسی سزای لەسێدارەدانیان بە سەر زیندانیاندا جێبەجێکردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی رێگری لەو کوشتنە بکرێت، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی هەرکاتێک کەسێک لەو وڵاتە لەسێدارەدرا، بە شێوەیەکی چالاکانە دژایەتی خۆیان نیشان بدەن.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشهاتووە، کە سەدان دەستگیرکراو لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یان بە تۆمەتێک دادگایی دەکرێن کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.