سێ بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت
K24 - هەولێر:
دوابەدوای پێشکەشکردنی سەرجەم رێککارەکانی پەیوەست بە زیادکردنی ژمارەی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و گرنگیدان بە چۆنیەتی سوود وەرگرتن و گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئاو و باشترکردنی دۆخی ئاو، بڕیار دراوە بە دروستکردنی سێ بەنداو لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی دەرئەنجامی دوایین هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی فیدراڵ و لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار درا بە دروستکردنی سێ بەنداو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، بەنداوەکان لە دەڵگە لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، مەنداوە لە هەولێر و باکرمان لە دهۆک دروست دەکرێن. هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردووەتەوە، دروستکردنی ئەو بەنداوانە لەسەر بودجەی پەرەپێدان و دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک لە لایەن حکومەتی فیدراڵ دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ تەواوی دیزاینی بەنداوەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە و پێشکەشکراوە.
راگەیەنراوەکە باسی لە گرینگی دروستکردنی ئەو بەنداوانە کردووە کە بە دروستکردنیان دەبێتە بنەمایەکی بەهێزی هەنگاونان بەرەو سەقامگیری ئاسایشی ئاو و زیادکردنی سەرچاوەکانی خەزانی ئاو لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک توانای گلدانەوەی نزیکەی (ملیارێک مەتر سێجا ئاو)ـیان هەیە و لە داهاتوودا دەبێتە وێستگەیەکی بەسوودی دابینکردنی پێویستییەکانی ئاو و کارەبا و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.
