عێراق دوو فڕۆکە رەوانەی سوودان دەکات
K24 - هەولێر
حکومەتی عێراق دوو فڕۆکە بە مەبەستی گێڕانەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکانی سوودان رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی دوو فڕۆکەی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لە سوودان گیریانخواردووە، رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن.
هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کرد، هەماهەنگی ورد بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی سوودان بە زووترین کات بکەن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نزیکەی 300 عێراقی لە ئێستادا لە سوودان هەن و وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرقاڵی گەڕاندنەوەیانە.