راستی وێنەیەکی مزگەوتی رەحمان لە شنگال
K24 - هەولێر:
هێرشی سەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دواتریش وێنەیەکی مزگەوتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە گوایە لەکاتی هێرشەکەی دوێنێ 27ـی نیسان، لەلایەن چەند کەسێکەوە نێو مزگەوتەکە شێوێندراوە.
کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد و دەرکەوت، مێژووی وێنەکە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، کە پێشتر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، نێو مزگەوتەکە شێوێندرابوو.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، وێنەکە هی ئەمساڵ نییە، بەڵکو ساڵی 2016 لەلایەن وێنەگر شڤان هەرکییەوە گیراوە.
دوێنێ پێنجشەممە 27ـی نیسان لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی دەڤەری شنگال دژی گەڕانەوەی ژماریەک خێزانی عەرەب بۆ دەڤەرەکە، ئاڵۆزی کەوتووەتەوە، بەھۆیەوە ژمارەیەک کەس ھێرشیان کردووەتەسەر حەرەمی مزگەوتی شارەکە، لەوبارەیەوە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد و دەڵێن: ئیدانەی بێ رێزی و دەستدرێژی کردنەوە سەرمزگەوت و ھەرناوەندێکی دیکەی ئایینی دەکەین، پێشمان وایە ئەم کارە ناڕەوایە دوورە لە ئاداب و نەریتی خوڕەوشتی رەسەنی ئایینی و کوردەواری و ھەوڵێکی پلانداڕێژراوە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ بنكهی رۆشنبیری لالش لهبارهی هێرشکردنەسەر مزگەوتێک لە شنگال، روونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوه و تییدا رایدهگهیهنێت، خۆپیشاندان به شێوهیهكی ئاشتییانه مافێكی رهوایه و بههیچ شێوهیهك لهگهڵ توندوتیژیدا نیین.