ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی قورئانی سووتاند و کێلی گۆڕەکانی لە هەولێر شکاند دەستگیرکرا

تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی لە ئاسایشی هەولێر
تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی لە ئاسایشی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری هەولێر قورئانی سووتاندبوو هەروەها کێلی چەند گۆڕێکی لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و سەید عومەر لە شاری هەولێر شکاندبوو.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، "دوای ڕوودانی شکاندنی ژمارەیەک کێلی گۆڕ و سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و سەید عومەر لە شاری هەولێر، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستیان بە لێکۆڵینەوه‌ی ورد کرد". 

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو رووداوە، توانیویانە تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە بەناوی (ح. ص. م. ط) کە لە دایکبووی ساڵی 1986ـەو دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێرە.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و رێکارە یاساییەکانی ئەو دۆسیەیە گیراوەتەبەر.

دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

دوای ڕوودانی شکاندنی ژمارەیەک کێلی گۆڕ و سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و گۆڕستانی سەید عومەر لە شاری هەولێر، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستیان بە لێکۆڵینەوه‌ی ورد کرد.

پاش کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست، تیمەکانمان توانییان کەسی تۆمەتبار بەناوی (ح. ص. م. ط) لەدایکبووی ساڵی 1986 و دانیشتووی گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر دەستنیشان بکەن.

ئه‌مڕۆ، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمه‌تبار دەستگیر کرا و دانی ناوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ی له‌سه‌ری ده‌ستگیر کراوه‌.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
30ی نیسانی 2023