بەڕێوەبەرێک لەسەر گەندەڵی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

K24- هەولێر

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، بڕیارێکی بەبێ ئامادەبوونی (غیاب) لە دژی بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی حلە دەرکردووە، ئەمەش لە ئەنجامی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بووە.

بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی دژی گەندەڵی، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی حلە دا سەپاند، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو سەرپێچیانەیە کە لە گرێبەستێکدا ئەنجامدراون، کە بووەتە هۆی بەفیڕۆدان و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پێشێلکاریانەی لە گرێبەستەکەدا لەنێوان پارێزگاری بابل و کۆمپانیای گشتی بازرگانی ئۆتۆمبێل ئەنجامدراوە، کە پێکهاتووە لە دابینکردنی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بۆ شارەوانی بە بەهای 250 ملیۆن دینار، لەکاتێکدا نرخی راستەقینەی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە لە کۆمپانیاکە بە 180 ملیۆن دینار بووە.

دەستپاکی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پشکنینی ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا هەبوون، دادگا  بڕیاریدا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بە غیاب بەسەردا بسەپێنێت.