کوێستان محەممەد: ئەو کرێکارانەی رۆژانی پشوو کاردەکەن دەبێت کرێی زیاتر وەربگرن

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر:

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کرێکارانەی کە رۆژانی پشوو کاردەکەن پێویستە خاوەنکار، مووچەی ئەو رۆژەیان بە زیادەوە پێبدات و رۆژێکی دیکە وەک پشوو بۆیان قەرەبوو بکاتەوە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشیکرد رایگەیاند، دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا خاوەنکار و کرێکار، کرێکار ئەو رۆژە کاربکات کە پشووی کرێکارەکەیە و پێویستە خاوەنکاریش مووچەی ئەو رۆژەی پێبدات و رۆژێکیش وەک پشوو بۆی قەرەبوو بکاتەوە.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ كوردستان24 ئاشكرایکرد، سندوقی خانەنشینی کرێکاران هەیە و بە یاسا رێکخراوە و نزیکەی 900 ملیار دیناری تێدایە و ئیستاش بەشێک لە کرێکاران کە خۆیان دەستەبەرکردووە و تەمەنیان گەیشتووەتە ماوەی یاسایی، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن یان ئەگەر لەسەر کارەکانیان گیانیان لەدەستدابێت ئەگەر یەک مانگیش خۆی دەستەبەر کردبێت، میراتگرەکانی مووچەکەی وەردەگرن.

هەروەها دەشڵێت:"هەموو ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە و پێویستە خۆیان ناونووس بکەن".

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان، 138 هەزار 92 کرێکار دەستبەرکراون لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، 38 هەزار 492 شوێنکاریش دەستەبەرکراون، بەڵام بە هەزاران کرێکار هەن دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە، یاخود خاوەنکار بۆی نەکردوون یان خۆیان ئاگادارنین.

کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد:" کۆمەڵێک شوێنکار هەیە خاوەنکارەکە لەبەر چاوچنۆکی، کرێکارەکەی دەستەبەر ناکات، بۆ نموونە خاوەنکار 350 کرێکاری هەبێت دەڵێت 150 کرێکارم هەیە ئەوانیش برازا و ئامۆزای خۆی دەنوسێت، دێتە لای ئێمە فێڵ دەکات پارە کەم دەدات و لە وەزارەتی دارایش فێڵ دەکات و پارەی باج کەم دەدات".

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتیشی:" دەبێت کرێکار دەستبەربکرێت بۆ ئەوەی خانەنشینی بۆ دەربچێت، لە ساڵی 2019 پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، رێنمایەکمان دەرکردوە بەپێیی ئەم رێنماییە دەبێت هەموو شوینکارەکان پاکتاوی دەستبەری کۆمەڵایەتی بکەن، بە پیچەوانەوە مۆڵەتیان بۆ نوێ ناکرێتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرقاڵی دروستکردنی داتابەیسێکە بۆ تۆمارکردنی هەموو کرێکاران و زانینی مووچەکانیان لە شوێنی کارەکانیان، لەو نزیکانە تەواو دەبێت و لەدوای ئەوە زانیاری تەواو لەسەر کرێکار و مووچەکەی لای وەزارەتەکەیان تۆماردەکرێت.

سەبارەت بە سکاڵای کرێکار لە خاوەنکار، کوێستان محەممەد، رایگەیاند:"هێڵی گەرمی ژمارە 5500 هەیە هەر کرێکارێک سکاڵا بکات لیژنەی بەدواداچوون دەنێرین، رووبەرووی دادگایان دەکەینەوە ئەگەر زانیاری هەڵە بدەن بە لیژنەکانمان".

لەبارەی گرێبەستی کارکردنیشەوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی:"دەبێت هەموو خاوەنکارێک گرێبەست لەگەڵ کرێکارەکەی بکات و ئەو گرێبەستە لە بەرژەوەندی هەردوولابێت".

لەبارەی پێدانی مووچە بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، کوێستان محەممەد رایگەیاند: "شەش مانگی یەکەم بانگەوازمان کرد بۆ ئەوەی نەخۆشانی ئۆتیزم، ئیفلیجی مێشک و تالاسیمیا بێن سەردانمان بکەن، لە شەش مانگی دواتر دەستمان کرد بە پشکنینیان".

کوێستان محەممەد، گوتیشی:"هەرکاتێک پشکنینەکان تەواو بوو، دەیکەینە لیست و دەنێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پەسەندبکرێت و موچەیان بۆ ببڕێتەوە".