وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا: ئەمەریکا مەترسی نەدانەوەی قەرزەکانی لەسەرە

جانێت یێلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا
جانێت یێلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا

K24- هەولێر

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هۆشداریدا، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە ئەمەریکا مەترسی نەدانەوەی قەرزەکانی لەسەرە، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزکردن ناکۆکن.

هەفتەی رابردوو کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان بە پلانێک دا بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزکردنی نیشتمانی لەگەڵ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەمەش وەک رووبەڕووبونەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی دیموکراتەکانە لەسەر زیادەرۆیی خەرجییە گشتییەکان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا گەیشتە سەقفی قەرزکردنەوەی کە 31.4 تریلیۆن دۆلار بوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاش رێوشوێنی نائاسایی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات بەردەوام بێت لە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی وڵات.

بەڵام ئەگەر کۆنگرێس سەقفی قەرزەکان بەرز نەکاتەوە یان هەڵنەپەسێرێت، ئەوا وڵاتەکە مەترسی نەدانەوەی قەرزەکانی لەسەرە، ئەمەش کاردانەوەی ترسناکی لەسەر ئابووری دەبێت.

جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا دەڵێت: "باشترین خەمڵاندنمان ئەوەیە کە تا سەرەتای مانگی حوزەیران ناتوانین بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکەکانی حکومەت، رەنگە هەر لە یەکەمی حوزەیرانەوە، ئەگەر کۆنگرێس پێش ئەو بەروارە سەقفی قەرزەکان بەرز نەکاتەوە یان رای نەگرێت".

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان کیڤن مەکارتی، ئاماژەی بەوەکرد "بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکانی ئێستا، زۆر گرنگە کۆنگرێس بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ زیادکردن یان راگرتنی سەقفی قەرزەکان بە شێوەیەک کە دڵنیایی درێژخایەن بدات کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێدانی پارەدانەکانی یان نا".