لە سعوودیە زیاتر لە پێنج ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سعوودیە رایگەیاند، بە مۆدێلێکی تازە بەرەنگاری ماددە هۆشبەرەکان دەبنەوە، کە مەترسی لەسەر کۆمەڵگاکان دروستدەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سعوودیە رایگەیاند، هەوڵێکی قاچاغی پێنج ملیۆن 280 هەزار حەبی ئەمفیتامین، کە لە ئامادەکردنی ماددەی شابو بەکاردەهێنرێت، پووچەڵکراوەتەوە.
جۆراوجۆری شێوازە نائاساییەکانی قاچاخچێتی، بەئامانجکردنی سعوودیە بە ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرا دەکات، چونکە هەوڵی ئەم دواییە بۆ قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان لەناو بارێکی بەرد و کەلوپەلی بیناسازیدا لە رێگەی بەندەری ئیسلامی جەدەوە لە پارێزگای جەددە شاردراوەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی زەکات و باج و گومرگ، بووە هۆی پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی قاچاخچێتی 12.7 ملیۆن حەبی ئەمفیتامینی ماددە هۆشبەرەکان کە لە بارێکی میوەی هەناردا لە رێگەی بەندەری ئیسلامی جەدەوە شاردراوەتەوە.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد، هەوڵێکی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەریان پووچەڵ کردووەتەوە، کە نزیکەی 47 ملیۆن حەبی ئەمفیتامین بووە، کە لەناو بارێکی ئارددا شاراوەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "ئەو بڕە ماددەی هۆشبەرەی لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەستی بەسەردا گیراوە، گەورەترین باری ماددەی هۆشبەر بووە، کە هەوڵ درا بە قاچاغ ببەنە ناو سعوودیە".
ماددە هۆشبەرەکان بە یەکێک لە قەیرانە گەورەکانی وڵاتانی جیهان دادەنرێت، کە کاریگەری لەسەر ژیانی گەلان هەبێت، هەروەها کاریگەری لەسەر پێکهاتەکانی پەیکەری کۆمەڵایەتی هەبووە، زیانی زۆری بە مرۆڤ گەیاندووە.
پزیشکانی پسپۆڕ روونیان کردەوە کە زیانەکانی "شابو" دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و پلەی گەرمی لەش، ناڕێکی لێدانی دڵ، نەمانی ئارەزووی خواردن و چالاکی زۆر، جگە لە تێکچوونی خەو، کەمخەوی، پارانۆیا، خەونبینین، تێکچوونی باری دەروونی، خەیاڵ ، یان رەفتاری توندوتیژی،هەروەها چەندین زیانی تر بە سییەکان و جگەر و گورچیلە، رەشبوونەوە وشکبوونەوەی هەستیاری پێست، پووکانەوەی ئێسک، شێواوی و زیانگەیاندن بە ددانەکان.