توێژەرێکی میسری: داعش ناتوانێت پارێزگاری لە سەرکردەکانی بکات
K24- هەولێر
کوشتنی سەرکردەی داعش بەناوی ئەبو حوسێن حوسێنی، قسەو باسی لەسەر جموجۆڵەکانی ئەو رێکخراوە هێنا ئاراوە لە ماوەی داهاتوودا، کە لە ماوەی چوار ساڵدا چوار سەرکردەی ئەو رێکخراوە کرانە ئامانج.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، شەوی یەکشەممە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری تورکیادا، لە رۆژئاوای کوردستان، ئەبو حوسێن حوسێنی قورەیشی سەرکردەی رێکخراوی داعش کرایە ئامانج و کوژرا.
لە دیسەمبەری رابردوودا، داعش رایگەیاند، دوای کوژرانی ئەبو حەسەن قورەیشی، ئەبو حوسێن حوسێنی قورەیشی لە جێگاکەی دەستنیشانکرا.
عەمر عەبدولمونعیم، توێژەرێکی میسری تایبەتمەندە بە گرووپە توندڕەوەکان، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، "هەموو ئەو سەرکردە نەناسراوانە کە لە ساڵانی رابردوودا دەستیان بەسەر داعشدا گرت، نەیانتوانی خۆیان بپارێزن و ناسنامەکانیان بشارنەوە".
راشیگەیاندووە: "کوشتنی سەرکردەی چوارەمی داعش ئەبو حوسێن حوسێنی ئەوە دەردەخات کە رێکخراوەکە ناتوانێت پارێزگاری لە سەرکردەکانی بکات، چ لە عێراق بێت یان سووریا".
عەبدولمونعیم، ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرکەسێک پەیڕەوی لە دۆخی داعش و جموجۆڵەکانی سەرکردەکانی بکات، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە پاکتاوکردنی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە پلە یەکەم و دووەمەوەیە، و ئەگەری کوشتنی حوسێنیش لە ئەنجامی ململانێیەکی ناوخۆییە".
داعش لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زۆرێک لە سەرکردە پلە یەکەکانی لەدەستداوە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ئەبو عەلا ئەلعەماوی لە هێرشێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکووری سووریا کوژرا، کە یەکێکە لە دیارترین پێنج سەرکردەکانی ناو رێکخراوەکە، هەروەها ئەبو موعز قەحتانی کە بەرپرسی کاروباری دیلەکان بوو لە هەمان مانگدا کوژرا، دواتر و لە هەمان مانگدا ئەبو عەبدولرەحمان عێراقی ناسراو بە "سەیفی بەغدا" کە پۆستی سەرکردایەتی لە رێکخراوەکەدا هەبووە کوژرا.
بۆ یەکەم جار رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014دا دەرکەوت و ناوچەیەکی بەر فراوانی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵکرد، دواتر تووشی شکستێکی یەک لە دوای یەک بوو.