رۆژنامەیەکی ئەمریکی: بە فشاری ئەمەریکا سوودانی ژمارەیەک وەزیر دەگۆڕێت

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق | وێنه‌: AP
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق | وێنه‌: AP

K24 - هەولێر:

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تا وەکوو گۆڕانکاری لە کابینە وەزارییەکەیدا ئەنجام بدات.

ڕۆژنامەی زە کرایدڵی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەم مانگەدا گۆڕانکارییەکانی داهاتووی حکومەتی سوودانی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئیدارەی ئەمەریکا تێبینی لەسەر هەندێک پۆستی وەزاری لە عێراق هەیە و ڕەنگە ڕووبەڕووی سزا بکرێنەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕانکارییەکانی داهاتوو کە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان پێ دەچێت وەک دەستکەوتێکی ئەمریکا بێت بۆ سەر سوودانی، بە جۆرێک هێشتا ڕوون نییە کە ئایا سوودانی بەنیازە گوێ لە فشارەکانی ئەمەریکا بگرێت سەبارەت بە گۆڕانکاری وەزاری لە حکومەتەکەیدا یاخود نا.

ئەم هەواڵەی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە، لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 25ی نیسانی 2023 رایگەیاندبوو، لە کاتی گونجاودا گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتدا دەکەن و ئەو وەزیر و پارێزگارانەی کەمتەرخەمن لەکارەکانیان لادەدرێن.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕۆژنامەنووسان دووپاتی کردەوە، حکومەتەکانی پێشوو هەڵەی ستراتیژی زۆریان ئەنجامداوە و چیتر کات بە فیڕۆ نادەن و دوای ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای وەزیر و پارێزگارەکان، لە کاتی گونجاودا لە ڕێگەی دەنگدانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەیان لێ وەردەگیرێتەوە.