کوردێک سەرپەرشتیاری کۆنگرەی لاوانی سیاسی دیموکراتەکانی جیهان دەکات لە مەغریب

K24 - هەولێر

لەسەر داواکاری لاوانی پارتی ئیستقیلالی مەغریب و لاوانی پارتە دیموکراتەکانی جیهان، فەلاح حەسەن کە خەڵکی باشووری کوردستانە، سەرپەرشتیاری کۆنگرەی هەماهەنگی لاوانی پارتە دیموکراتەکانی جیهان و لاوانی پارتی دیموکراتی مەغریب ناسراو بە پارتی (ئیستقلال)ی کرد.

لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا کە زیاتر لە نوێنەری 50 وڵاتی جیهانی بەشداربوون، چەندین کۆبوونەوە و دیدار ئەنجامدرا، ئەو کوڕە کوردە باسی لە پێگەی گەلی کوردستان و شۆڕشەکانی گەلی کوردیشی کردووە بۆ ئامادەبووانی کۆنگرەکە.

لە میانی کۆنگرەکەدا باسی رۆڵی گەنج لە سیاسەتە جیهانییەکان و وڵاتانی دیموکراتخواز کراوە بەتایبەتی لە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە و حوکمڕانیدا.

لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا هەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتی مەغریب (ئەلنەعم میاڕە) و سەرۆکی پارتی ئیستقلالی مەغریب و جێگری سەرۆکی حکومەتی مەغریب (د. نزار بەڕەکە) سڵاوی تایبەتیان بۆ گەلی هەرێمی کوردستان هەبووە و ستایشی رۆڵی ئاوەدانی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە لە شەڕی دژی تیرۆرستان و داعشدا.

کۆنگرەکە لە رۆژانی 28 نیسان تا 1ی ئایار لە شاری مەڕاکشی پایتەختی گەشتیاری وڵاتی مەغریب بەردەوامی هەبووە.