ئەمەریکا: هاوکاری حکومەتی سوودانی دەکەین لە چاکسازی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست
باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست

K24 - هەولێر

باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاکسازی ئابووری و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپاتکردەوە.

باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: "بەرچاو روونی لە کارەکانی حکومەتدا هەیە و هەوڵێکی بەردەوام بۆ دۆزینەوەی دۆخێکی باشی ئابووری هەیە، هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چاکسازی ئابووری دەستپێکرد کە ئەمەش هەوڵێکە ساڵانێکی زۆری دەوێت و ئێمە پشتگیری لێدەکەین".

لیف ئاماژەی بەوەشکرد: "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق باشە و بە رێککەوتنی ستراتیژی دووقۆڵی بەڕێوەدەچێت، کە هەموو لایەنەکانی هاوکاری و بەتایبەت ئەمنی لەخۆگرتووە، لەچوارچێوەی شەڕی تیرۆردا، ئێستاش هاوکارییەکان پتەوتر دەکرێن، لە لایەنە پەروەردەیی و کولتوورییەکان".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات دەشڵێت: "پشتیوانی لە دیدگای سەرۆکوەزیران دەکەین بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەویش لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا کارنامەیەکی روونی هەیە و ئەولەویەتەکانی گرنگییان هەیە بەرەو عێراقێکی ئەمن و سەقامگیر، بە هەمان شێوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە هەوڵێکی جددی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".

باربارە لیف جەختی لەوەکردەوە: "دوێنێ لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبوومەوە و گفتوگۆمان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پەرەپێدانیان کرد، ئەولەویەتەکانیش کە باسی کرد هەمان ئەولەویەتەکانن کە پێمان وایە لە عێراقدا گرنگن و ئەویش هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا بەهێزتر بکات"، ئەمەش شتێکی باشە، عێراقیش ئەمڕۆ وەک پێشوو نییە و لە ئێستادا بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

هەروەها لە رووی ئابوورییەوە ئاماژەی بەوەدا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکرێت کەرتی تایبەت بەهێز بکات و پاڵپشتی کارگە بچووک و مامناوەندەکان بکات و شەفافیەت و هاوسەنگی لە بازاڕدا دابین بکات.

 سەبارەت بە دۆسیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، لیڤ جەختی لەوە کردەوە، کە "ئەمەریکا هیچ دەستێکی نییە لە دیاریکردنی نرخی دۆلار، و هەمیشە گفتوگۆ لە نێوان گەنجینەی ئەمەریکا و وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیدا هەبووە بە پێدانی ئامۆژگاری، بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لە ئێستادا دەبینین کە سەقامگیری لە نرخی ئاڵوگۆڕدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "عێراق پێویستی بەوە هەیە ئابووریەکەی تەنها لە سنووری نەوت کۆ نەکاتەوە  سەرچاوەکانی داهات فراوانتر بکات بۆ ئەوەی لە ئابووری تاک لایەنە دەرچێت".

سەبارەت بە پرسی ئاو، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی کە خراونەتەگەڕ، دەرفەتێکم پێدرا لەگەڵ سەرۆکی کۆمار و وەزیری دەرەوە قسە لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکانی ئاو بکەم و ئێمەش پێمان وایە کە پێویستە ئەم دۆسیەیە بە درێژیی لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران تاوتوێ بکرێت.

رۆژی سێشەممە، 2ی ئایاری 2023، باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەگەڵ شاندێکی یاوەری گەیشتنە بەغدا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وەک، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.