سێیەمین "دیدار و کۆنگرەی سیمێکس عێراق" لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24ـە

 K24 – هەولێر

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شارەزاییان و کەسانی تایبەتمەند، سێیەمین "دیدار و کۆنگرەی گەیاندن و ئەلیکترۆنیات و کەناڵەکانی بسیتن و بینین و راگەیاندن لەژێر ناوی"ئاسمانی عێراقی نوێ.. دەرفەتێک بۆ داهاتوو" بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 لە سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد.

لە دەستپێکی دیدارەکەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلیمانی لە وتەیەکدا باسی لە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان کرد، کە دەرفەت بۆ بەرەوپێشچوون لە سەرجەم بوارەکاندا دەڕەخسێنێت.

پارێزگاری سلێمانی، گوتیشی: "لە ساڵی رابردوو پەیڕەوی سیاسەتی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و بازرگانی و ئابووریمان کردووە، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی وڵاتان لە پارێزگاکەی ئێمە وەبەر‌‌هێنانی گەورەیان لەو سێکتەرانە هەیە کە پێداویستی هەموو بازاڕی عێراق و ناوچە دابین دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هەموو سێکتەرەکاندا دەتوانین رۆڵی زیاتر ببینن ئەگەر بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان بە باشتر کاربکەن و بتوانن دەرفەتی باشتر دروستبکەن، بۆ ئەوەی عێراق لە قۆناغی بەریەککەوتن و شەڕەوە ببەینە قۆناغێکی سەقامگیر، کە ئەمەش بە چەسپاندنی ناسنامەی هاووڵاتیبوون دەکرێت لە عێراقدا، هەتا ناسامەی مەزهەیبی، ئایینی و تەریقەت بەرزبکەینەوە سەقامگیری لە عێراقدا خەون دەبێت".

هەروەها وتاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لەلایەن محەممەد ئیبراهیم پێشکەشکرا کە تێیدا کە ئاماژە بەوەکراوە، کە هەوڵدەدەن هەموو سێکتەرەکان بەرەو پێشەوەبەرن و بەشێوەیەکی باشتر خزمەتگوزارییەکان بخەنە بەردەستی هاووڵاتییان.

ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت فرەچەشنکردن و بەرهەمێنان لە بواری ئینەرنێت لە عێراق برەو پێبدەن، گوتیشی: "لێرەوە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم، کە سەرجەم ئەو بوارانە پێویستیان بە چاکسازی هەیە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بەرەو پێشەوە ببەین و کاریگەرییان بەسەر ژیانی خەڵکەوە هەبێت".

هەر لە چوارچێوەی دیدارەکەدا وتاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن جەمال ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن خوێندرایەوە، هیوای خواست کە دیدارەکە ئامانجەکانی بپێکێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن، کار و پڕۆژەکانی وەزارەتی گواستنەوەی خستەڕوو.