سوودانی: قەیرانی ئاو پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتییە

"لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئاو دەکەین"

K24 – هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، قەیرانی ئاو پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتییە و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئاو دەکەین.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سێیەمین کۆنفرانسی بەغداد بۆ ئاو رایگەیاند، قەیرانی کەمی ئاو لە عێراق پێویستی بەدەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە.

لە گوتارێکدا لە سێیەمین کۆنفرانسی بەغدا بۆ ئاو سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، حکومەتی عێراق ویستی هەیە بەرەو پاڵاوتنی ئاوی دەریاکان هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ سەرنج دەخەنە سەر زمانی دیپلۆماسیەت و گفتوگۆی بەرهەمهێنەر بۆ دەستەبەرکردنی بەشە ئاوی عێراق.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، قەیرانی ئاویان لە سەردەمی رژێمی پێشووەوە بۆ ماوەتەوە، سەرباری ئەوەی رێکاری زۆریان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بێ ئاوی گرتووەتەبەر، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقییان لێهەڵدەقوڵێت گفتوگۆبکەن.

ئەمڕۆ شەممە 6/5/2023، سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد و دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت، شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو لە کۆنفرانسەکە بەشدارە.