پۆلیسی سلێمانی: هێزە رەشەکە نەچوونەتە نێو زانکۆی سلێمانی
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە چوونی هێزێکی تایبەتی پۆلیسی سلێمانی بۆ نێو زانکۆی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوەکرد، هێزە رەشەكە نەچووەتە نێو زانكۆ و هیچ شوێنێكی دیکە.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لە چەند پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان كە نازانرێت سەر بە چ كەس و لایەنێكن و بە چ مەبەستێک كاردەكەن، هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە لەنێو زانكۆی سلێمانیدا شەڕ و ئاڵۆزیی دروستبوە و ھێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی (هێزە رەشەكە) چوونەتە ناو زانكۆ.
لەوبارەیەوە، پۆلیسی سلێمانی روونیکردەوە، بە هەموو لایەكی رادەگەیەنن كە هێزە رەشەكە نەچوونەتە نێو زانكۆ و هیچ شوێنێكی دیکە، دەشڵێن: تەنها ئەفسەرێكمان بەناوی (نەقیب هاوژین) میوان بووە لە زانكۆی سلێمانی و بانگهێشتكراوە بۆ ئاهەنگی دەرچونی خوێندكاران و هێرشیانكردووەتە سەری و دواتریش رێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی داوا لە پەیج و كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەن لەکاتی هەر رووداوێكدا بگەڕێنەوە بۆ پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و هەر هەواڵێكیش بەناوی سەرچاوە و زانیارییەوە بڵاوبكرێتەوە ئەوان رەتی دەكەینەوە.