سیروان بارزانی: ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە کۆمپانیای کۆڕەک باسدەکرێن راست نیین

K24 – هەولێر:
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، رایدەگەیهنێت، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا بە نایاسایی مافی کۆڕەک پیشێل دەکات و گشت مافەکانی کۆڕەکی داوە بە کۆمپانیای زهین.
سیروان بارزانی خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، لە میانهی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمپانیای کۆڕەک یەکەم کۆمپانیای پەیوەندی بوو، کە لە ساڵی 2000 دامەزرا.
دهشڵێت: "لە دوای ئازادکردنی عێراق، بڕیاردرا سێ مۆڵەتی GSM بدرێتە سێ کۆمپانیای عێراقی، ئەوانیش کۆمپانیای ئەسیر، عێراقونا و ئاسیاسێل بوو.
هەروەها راشیگەیاند، دوای ئەو سێ مۆڵەتە، کۆمپانیای (پرایس وەتەر هاوس کۆپەر)ـی بەریتانی، لە عەممانی پایتەختی ئوردن سەرپەرشتی تەندەرێکی کرد، کە کۆمپانیای کۆڕەک لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لەو زیادکردنه ئاشکرایە بەشداربوون، كۆڕهك یەکێک لە مۆڵەتەکانی دانانی کۆمپانیای پەیوەندی بردەوە، وا بڕیاربوو ئەو کۆمپانیایەی کە لەو زیادکردنه ئاشکرایە دەرناچێت، بەشداربووهکان و کۆدەکانی بدرێته کۆمپانیای براوە، کە کۆڕەک تیلیکۆم بوو.
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، گوتیشی: "بڕیاردرا فریکوێنسەکان و لەگەڵ سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووی کۆمپانیای عێراقونا بە کۆڕەک بدرێت و دەستبەکاربن".
بارزانی باسی لەوەشکرد، لەیەکەم رۆژەوە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقی فریکوێنسەکانی بۆ کۆڕەک دابیننەکرد، شەش مانگ دوایخست و دواتر بەشێوەکی نایاسایی کۆدەکانی 0790 و 0779یـدا بە کۆمپانیای زەین و لەئەنجامدا بازاڕی پەیوەندییەکانی عێراقی بە یەکجاری شێواند.
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، روونیکردەوە، ئەو مۆڵەتەی کە کۆمپانیای کۆڕەک پارەی پێدابوو، بۆ خاتری ئەوەبوو کە ئەو بەشداربووانە و ئەو کۆدانەی پێبدرێت، بەڵام بە نایاسایی سەرۆکی ئەو کاتی دەستەی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراقی، چوو بۆ ئوردن بڕیاریدا بە پێدانی سەرجەم بەشداربووان و کۆدەکان بە کۆمپانیای زەین.
سیروان بارزانی، لە درێژەی قسەکانیشیدا، گوتی: "لە 2014ـەوە کە مافی خۆمانە، ئەو سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووانە لەگەل کۆدی 0790 نەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای کۆڕەک، ئەوا کۆڕەک پابەندنابێت بەوەی 370 ملیۆنی پشکەکان بداتەوە".
هەروەها گوتیشی، دەستەی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، دوای دە ساڵ بڕیارەکە جێبەجێ ناکات و مافمان نادەتەوە کە هەقی خۆمان بوو، هەروەها ئێمە چوینە دادگای عێراقی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کە پێویستبوو جێبەجێبکرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێان نەکردووە.
بارزانی، باسی لەوەشکرد، ئەو 800 ملیۆن دۆلارە، شتێکی ناڕەوا و نایاساییە لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک سەپێندراوە، کۆمپانیای کۆڕەک لەڕێگەی دادگا و حکومەتەوە پهنای بۆ چارهسهری كێشهكان برد، بەڵام کێشەکانیان چارەسەرنەکرا و مافەکان بۆ كۆڕهك نهگهڕایهوه.
سیروان بارزانی، بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم ئاگاداردەکاتەوە، کە ئەو بڕیارەی دژ بە کۆمپانیای کۆڕەک، هاووڵاتییان لێی زەرەرمەند نابن و هیچ کێشەیان نابێت.