"یەکشەمەی داھاتوو دەستدەکەن بە نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی"
خۆپیشاندەرانی سماقوڵی رێگای هاتووچۆیان بەڕووی شۆفێراندا کردەوە
K24 - هەولێر:
بەهۆی چوونی وەزیری ئاوادانکردنەوە، بۆ لای خۆپێشاندەران و دووپاتکردنەوەی بەڵینی حکومەت بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی، خۆپیشاندەران بڕیاریاندا رێگای هاتووچۆ بەڕووی شۆفێراندا بکەنەوە. وهزیری ئاوهدانكردنهوهش دهڵێت: "یەکشەمەی داھاتوو دەستدەکەن بە نۆژەنکردنەوەی رێگاكه".
ئەمڕۆ سێشەممە (9ــی ئایاری 2023)، شاکر سماقوڵی، نوێنەری خۆپیشاندەران، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لەکاتی هاتنی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ لای خۆپیشاندەران لە رێگای سماقوڵی، خۆپیشاندەران 12 داواکاریان پێشکەش بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە کرد.
هەروەها راشیگەیاند، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی بە خۆپیشاندەراندا، کە تایبەتن بە کاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، هەروەها ئەو داواکاریانەشی کا تایبەت نیین بە وەزارەتەکەی، بەڵێنیداوە، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا بیخاتە پیش سەرۆکوەزیران.
شاکر سماقوڵی، داواکارە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، داواکارییەکانی دانیشتوانی سماقوڵی جێبەجێبکات، هەروەها دەشڵێت: ماوەی 15 رۆژدا دەرفەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، دووبارە دەست بەخۆپیشاندان دەکەنەوە.
نوێنەری خۆپیشاندەرانی سماقوڵی، جەختی لەوەشکردەوە، بە گووشاری هیچ کەس و لایەنێک خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی پێنەهێناوە، بەڵکو چاوەڕێی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە ، رۆژی دووشەمە (8ــی ئایاری 2023)، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەمڕۆ سەردانی خۆپیشاندەرانی رێگای سماقوڵی کرد و لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لهسەدا 90ـی داواکاری هاووڵاتییان جێبەجێ دەکەین.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە داواکارییەکان، قیرتاوکردنی رێگەی میرسەید بووە، کە ئەمساڵ دوای پەسەندکردنی بودجە، پڕۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دانا عەبدولکەریم بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکشەمەی داھاتوو دەستدەکەن بە نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی.