په‌رله‌مانی عێراق دەنگ بە پڕۆژه‌یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینی كرێكاران دەدات
K24 - هەولێر
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینی كرێكاران كۆده‌بێته‌وه.
به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی كۆتایی و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینی كرێكاران كۆده‌بێته‌وه و پێشبینی ده‌كرێت به‌بێ له‌مپه‌ر پڕۆژه‌یاساكه په‌سه‌ند بكرێت.
له‌و باره‌یه‌وه فراس مسلماوی، ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆ لە په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندووه، هیچ ره‌خنه‌یه‌كی سیاسی یان په‌رله‌مانی بۆ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینی كرێكاران له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا به‌دی ناكرێت.
ده‌شڵێت "پڕۆژه‌یاساكه ده‌بێته هۆی ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی كه تیایدا كرێكار، پیشه‌كار، خاوه‌ن ئۆتۆمبێل، ته‌كسی و دوكانداریش له مووچه‌ی خانه‌نشینی سوودمهندبن".