سعوودیە دەستی بەسەر 106 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت

ماددەی هۆشبەری شەبو
ماددەی هۆشبەری شەبو

K24 - هەولێر

سعوودیە رایگەیاند، هەوڵەکانی بە قاچاخهێنانی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەبی کاپتاگۆن و شەبو لە رێگەی دەروازەی  وشکانی پووچەڵ کرایەوە.

رۆژی سێشەممە، 9ی ئایاری 2023، بەگوێرەی دەستەی زەکات و باجی گومرک، دەسەڵاتدارانی سعوودیە توانیان زیاتر لە 19 هەزار حەبی کاپتاگۆن بدۆزنەوە کە لە رێگەی گواستنەوەی خێرای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا فەهد کە لە دەمامەوە هاوردەکرابوون بۆ سعوودیە.

سعوودیە کە خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە جیهانی عەرەبیدا، بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی کاپتاگۆن دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەردەوام دەستبەسەرداگرتنی بڕی ئەو ماددانە رادەگەیەنێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سووریا و لوبنانەوە لە رێگەی بارکردنەوە بە قاچاخ هاوردە دەکرێت بەتایبەتی لەناو میوە و سەوزە.

دەسەڵاتی باج و گومرگ گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە، لەکاتی پووچەڵکردنەوەی دوو هەوڵی بە قاچاخهێنانی  106 کیلۆ مادەی هۆشبەری شەبو، لە رێگەی بەندەری وشکانیی ئەلبەتحا و ئەلحەدیساوە دەستی بەسەر دا گیرا، لە هەوڵی یەکەمدا  83.2 کیلۆگرام شەبو دۆزرایەوە، لەناو پارچە بەردی مەڕمەڕدا شاردرابوویەوە، دەستی بەسەردا گیرا.

لە هەوڵی دووەمیشدا بارهەڵگرێک کە لە رێگەی بەندەری حەدیسەوە دەهاتە سعوودیە پشکنینی بۆ کرا، کاتێکیش رێکارەکانی گومرگی بەسەردا سەپێنرا، 23.8 کیلۆگرام شابو دۆزرایەوە کە لەناو تایەی یەدەگی بارهەڵگرەکەدا شاردراوەتەوە.