گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: لە سەرەتای ساڵەوە 100 تیرۆریستی داعش لە عێراق کوژراون

K24 - هەولێر:
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا، 100 تیرۆریستی داعش لە عێراق کوژراون.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامدراون، 100 تیرۆریست کوژراون و گوتی: "زۆربەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە میانی ئەمساڵدا کوژراون، ھەڵگریی رەگەزنامەی عێراقین".
باسی لەوەیش کردووە کە ساڵی 2023، ساڵێکی تایبەتە لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە و گوتی: "کوژرانی ئەو 100 تیرۆریستەی داعش، دەستکەوتێکی باشە بۆ ھیزە ئەمنییەکان".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی راشیگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی عێراق کە خۆیان تیایدا حەشارداوە لەناودەبرێن.