مەکسیک بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی پاسەوانی نیشتمانیی زیاتر دەنێرێتە سەر سنوور
K24 - هەولێر:
ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، لەمیانی بەرەنگاربوونەوەی لێشاوی کۆچی نایاسایی، پاسەوانی نیشتمانیی زیاتر رەوانەی سەر سنوورەکان دەکەن.
لۆپێز ئۆبرادۆر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی نیشتمانیی وڵاتەکەی ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگیی زیاتر دەکەن سەبارەت بە پرسی کۆچی نایاسایی و رایگەیاند کە بۆ بەهێزکردنی خاڵە سنوورییەکان پاسەوانی نیشتمانیی زیاتر رەوانە دەکەن.
ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر داوای لە کۆچبەران کرد کە بە قاچاخچییەکان فریو نەخۆن و گوتی: "بۆ نەهێشتنی کارە ئیستفزازییەکان هێزی زیاتر دەنێرینە ناوچە سنوورییەکان. ئەوان (قاچاخچییەکان) بە بڕی 8 - 10 هەزار دۆلار خەڵک فریو دەدەن".
سەرۆکی مەکسیک هەروەها داوای لە کۆچبەران کرد کە بە شێوەیەکی یاسایی بچنە ئەمریکاوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا باسیان لەوە کردووە کە پێویستە هۆکارەکانی کۆچکردن دیاری بکرێن.