ئەمەریکا.. بەهۆی تەقەکردنی هەڕەمەکیەوە 12 کەس کوژران و بریندار بوون
K24 - هەولێر
جارێکی دیکە رووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمەریکا روویدا، سەرەڕای هەوڵی دەسەڵاتداران ئەمەریکا بۆ سنووردارکردنی چەک و هەندێک گرووپ، بەڵام ئەم سیاسەتە تا ئێستا کاریگەری ئەوتۆی نەبووە.
دوایین رووداوی لەم جۆرە لە باکووری رۆژئاوای نیو مەکسیکۆ روویدا، کە لە تەقەکردنێکی هەڕەمەکی لانیکەم سێ کەس کوژران و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون، پێش ئەوەی تۆمەتبارە تەمەن 18 ساڵانەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە تەقەی لێبکرێت.
باریک کرۆم، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فارمینگتۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا،رایگەیاند، پیاوێک لە شەقامێکی نیشتەجێبوون تەقەی لە خەڵک دەکرد، دواتر پەیوەندیمان پێوەکرا و ئەفسەرەکانمان وەڵامی چەندین پەیوەندییان دایەوە سەبارەت بە تەقەکردنی هەڕەمەکی.
پۆلیس پێش ئەوەی تەقە لە تۆمەتبارەکە بکات، ئەو دوو پۆلیسی بریندارکرد و سێ کەسی دیکەی کوشت.
میشێل لۆگان گریشام، پارێزگار لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دوعاکردن بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، رووداوەکە دەکەین، هەموو رۆژێک توندوتیژی بە دەمانچە ژیانی وڵاتەکەمان لەناودەبات".
رووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمەریکا بەهۆی ئەوەیە کە زۆربەی خەڵکی ئەمەریکا چەکیان هەیە تاوەکو ئێستا حکومەت نەیتوانیووە کۆنتڕۆڵی بکات.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی بلومبێرگ-ی ئەمەریکی، "ئەمەریکییەکان خاوەنی 393.3 ملیۆن چەکن، کە زیاترە لە ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە نزیکەی 330 ملیۆن کەسە".
لە ساڵی 2020دا بەهۆی چەکەوە زیاتر لە 45 هەزار کەس لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە کە 54%ی ئەو کەسانە خۆکوژی بوون.
تاوەکو ئێستا خوێناویترین رووداوی تەقەکردن لە لاس ڤێگاس بووە لە ساڵی 2017، کە زیاتر لە 50 کەس کوژران و 500 کەسیش بریندار بوون.