ئیتاڵیا دەستی بەسەر دوو هەزار و 700 کیلۆگرام کۆکایندا گرت

وێنەی کۆکاینەکە لەناو کارتۆنی مۆزدا
وێنەی کۆکاینەکە لەناو کارتۆنی مۆزدا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە پۆلیسی باشووری ئیتاڵیا رایگەیاند، دەستیان بەسەر دوو هەزار و 700 کیلۆگرام کۆکایندا گرتووە کە لەناو دوو ساردکەرەوەدا شاردراوەتەوە کە بارێکی مۆزیان تێدابووە لە ئیکوادۆرەوە هاتووە.

یەکەی تاوانە داراییەکانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەهای ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە بەندەری جویا تاورۆ لە کالابریا دەستیان بەسەردا گیراوە، 800 ملیۆن یۆرۆ بووە کە دەکاتە 880 ملیۆن دۆلار.

بارەکە لە گوایاکیل لە ئیکوادۆرەوە هاتووە و دوا شوێنی مەبەستیش ئەرمینیا بووە لە رێگەی بەندەری باتومی دەریای رەشەوە لە جۆرجیاوە بۆ ئیتاڵیا هاتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، پۆلیس ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەناو ئەو دوو کۆنتێنەرەدا دۆزیوەتەوە، کە درێژی هەر کۆنتێنەرێک 12 مەتر دەبێت، ئەمەش بەهۆی سکانەری تایبەتمەندەوە، هەروەها بەهاوکاری سەگێکی پۆلیس بەناوی "جۆل".

پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا 600 کیلۆگرامی دیکەی کۆکاینیان لەناو دەبەی میوەدا دۆزیوەتەوە کە لە ئیکوادۆرەوە لە رێگەی جویا تاورۆوە رەوانە کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بارانە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئیتاڵیا و کرواتیا و یۆنان و جۆرجیا بوون.

مافیای "نیدرانجیتا" کە لە شاری کالابریایە جێگەی کۆزا نۆسترای گرتۆتەوە وەک بەهێزترین رێکخراوی مافیایی لە ئیتاڵیا، رۆڵێکی سەرەکی لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکاندا هەیە.