میسر: هەرەمی خۆفۆ بەرووی گەشتیاراندا دادەخرێت

هەرەمی خۆفۆ لە میسر
هەرەمی خۆفۆ لە میسر

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای شوێنەوارەکان لە میسر بڕیاریدا هەرەمی گەورەی خۆفۆ بەرووی گەشتیاراندا دابخات، چونکە "کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت".

مەجدی شاکر، سەرۆکی شوێنەوارناسان لە وەزارەتی گەشت وگوزار و شوێنەوارەکانی میسر بە کەناڵی ئاڕ تی رووسیای راگەیاند: کارەکانی نۆژەنکردنەوەی هەرەمی گەورە تەنها دەرگای هەرەمەکە لەخۆ دەگرێت. جەختیشیکردووەتەوە، هیچ زیانێک بەر مۆزەخانەکە ناکەوێت، بەڵام کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە وایە بە شێوەیەکی وەرزی ئەنجام دەدرێت.

شاکر ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە رێرەوی سەرەکی هەرەمی خۆفۆ لەخۆدەگرێت کە دەچێتە ژووری ناشتن و تابوتەکە، بۆیە هەرەمەکە دادەخرێت".

روونیشیکردەوە، کاری نۆژەنکردنەوەکە بۆ ماوەی 70 رۆژ بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، درێژی ئەو ڕێڕەوەی کە نۆژەن دەکرێتەوە 400 مەترە و ماوەیەکی زۆرە نۆژەن نەکراوەتەوە.

هەرەمی خۆفۆ یەکێکە لە حەوت سەیر و سەمەرەکەی جیهان، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 4600 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.