یەکەم ئافرەتی کریستیان وەکو دادنووس لە سنووری هەولێر دەستبەکار دەبێت

وەزیری داد دەسەڵاتی دادنووسی بە ئافرەتێکی کریستیانی کوردستانی دا

K24 - هەولێر

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی دادنوسی بەخشیە خاتوو" هیبە نجيب  عەبۆ"، و وەکو دادنووس لە فەرمانگەی دادنووسی عەنکاوە دەستبەکاربوو.

‎ لە رێوڕەسمێکدا کە شیلان عارف،  بریکاری وەزارەتی داد، و ئازاد رۆستەم، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگە دادییەکان، و نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەت ئامادەیی بوون، وەزیری داد لە وتەیەکدا، دووپاتی لەوە کردەوە کە "لە پێدانی پۆست و دانانی بەرپرسی فەرمانگەکاندا، لەوەناپرسین کە ئەو فەرمانبەرە سەربە چ پێکهاتە و ئاین و نەتەوەیەکی کوردستانە، یان سەربە چ پارتێکی سیاسییە، پێودانگی ئێمە لەوەدا، پاکی، لێهاتوویی، شارەزایی و شێوازی ئەو کەسەیە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان".

راشیگەیاند "دەسەڵاتی دادنووسیمان پێداویت و لە عەنکاوە دەستبەکاردەبیت، هۆکارەکەشی، مێژوویی خزمەتەکانی تۆیە و دڵسۆزی تۆیە بۆ ئیشوکارەکانت، کە لە ساڵانی رابردوودا بەپاکی و رێکوپێکی ئەنجامت داوە و داواکارین لەو پۆستە نوێشدا بەهەمان شێوە بەردەوام بیت".

‎خاتوو هیبە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند کە (وەکو کریستیانێک ، بۆ ئەو شانازییە کە لە سنووری شاری هەولێر، یەکەم کەسە دەبێتە دادنووس و لە عەنکاوە دادەمەزرێت".

‎هیبە نجيب عەبۆ، بڕوانامەی بەکالۆرێوسی یاسای هەیە و،  ماوەی 13 ساڵ لە فەرمانگەی دادنوسی یەکی/ هەولێر، خزمەتی یاسایی هەیە، رۆژی سێشەممە 16/5/2023،  بووە دانووس و لە فەرمانگەی دادنوسی عەینکاوە دەست بەکاربوو.

.
.