گەشتیارێک بە 65 کارتی ئەلیکترۆنیەوە دەستگیرکرا

وێنەی ڤیزا کارتەکان
وێنەی ڤیزا کارتەکان

K24 - هەولێر

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، گەشتیارێکی عێراقیان لە فڕۆکەخانی نێودەوڵەتی بەغدا دەستگیرکردووە، کە ویستوویەتی 65 کارتی ئەلیکترۆنی بە قاچاغ بباتە دەرەوە.

دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پينجشەممە، 18ی ئایاری 2023، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە هاوکاری پۆلیسی گومرگ، لەکاتی پشکنینی گەشتیاران توانیان گەشتیارێکی عێراقی دەستگیربکەن کە 65 کارتی ئەلیکترۆنی(ڤیزا کارت)ی لەناو جانتاکەی شاردبوویەوە. کە بڕە پارەیەکی زۆری تێدابووە ویستوویەتی لە دەرەوەی وڵات بەکاری بهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک لەسەر دۆسیەکە پێکهێنرا و تۆمەتبارەکە رەوانەی بنکەی پۆلیسی فڕۆکەخانە کرا بۆ گرتنی رێوشوێنی یاسایی لە دژی.