ئاگرەکەی پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر-مەخموور کۆنترۆڵکرا

K24 - هەولێر:

ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی رێگەی هەولێر-مەخموور کەوتەوە و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کاتژمێر 6:30ـی ئێوارەی (18ـی ئایاری 2023) ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر–مەخموور کەوتەوە و دوای کەوتنەوەی ئاگرەکەش، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر و بنکەکانی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی بۆناو دەغڵودانی زەوییەکانی ناوچەکەیاندا.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزاندراوە و هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانە ماددییەکان زۆرن و تا ئێستا نەخەمڵێندراون.

لەلایەن خۆیەوە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، کەوتنەوەی ئاگرەکە لە پاڵاوگەیەک بووە و هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە سووتانی وێستگەی کارەبای ئەحمەد ئیسماعیل دەکەن و روونیکردەوە، ئاگرەکە لە نزیک ئەو وێستگەیە بووە بەڵام ئاگرەکە هیچ پەیوەندییەکی بە وێستگەی کارەباوە نەبووە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رووداوە سێ تانکی عەمبارکردنی سووتەمەنی ئاگری گرتووە و بەهۆی بوونی ماددەی نەفتا کە زوو گڕدەگرێت، ئاگرەکە گەورەبوو، بەڵام توانییان سەرکەوتووبن لە رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە.

هاوکات سەرکەوت کاڕەش روونیکردنەوە، لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە و ئاشکراشیکرد کە ساڵی 2021 جارێکی دیکە ئاگر لە هەمان پاڵاوگە کەوتەوە، بۆیە بە وردی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر جەختی لە ئامادەباشی سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی کردەوە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی دروێنە و کۆکردنەوەی گەنم و جۆ لەلایەن جووتیارانەوە کە مەترسی کەوتنەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی لێدەکرێت.

Fly Erbil Advertisment