وەزارەتی ناوخۆ بۆ شۆفێرانی تاکسی: کەمتر لە دوو مانگتان لەبەردەستە بۆئەوەی لۆگۆ لە تاکسییەکانتان بدەن

تاکسی
تاکسی

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی سەبارەت بە لۆگۆی تاکسی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، هەموو تاکسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت تا 15ـی تەمووز لۆگۆیان پێوەبێت، هەر تەکسییەکیش دوا ئەو بەروارە بێ لۆگۆ ببیندرێت، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە سزای دارایی دەدرێت.

لە ئاگادارییەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: دوای ئەوەی بە فەرمانی وزاری ژمارە (3018/ ک) لە 25/1/2023 ئاسانکاریمان کرد تا ئەو کارمەندانەی کەرتی گشتی (مەدەنی و سەربازی) کە موچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە بتوانن بە شێوەی یاسایی لە دوای دەوامی فەرمی شوفێری تاکسی بکەن و ببنە خاوەن لۆگۆی تاکسی، هەفتەی داهاتوو لە پێناوی تەواو کردنی پرۆسەی لۆگۆی تاکسی کە بە گوێرەی فەرمانی سەرەوە حەوت مانگ دەرفەت دراو و ڕێگا درا تا 15ی تەمووزی 2023، ئەوانەی لۆگۆیان نەکردووە یان لێیان کردۆتەوە، لۆگۆ بکەن، ڕێنماییەکی گرنگ دەردەچێت.

بە گوێرەی ئەو ڕێنماییەی وەزارەتی ناوخۆ، کە هەفتەی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە:

1. هەموو تاکسییەک لە شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تا 15ی تەمووزی 2023 مامەڵەی لۆگۆی تاکسییان تەواو کردبێت و لۆگۆیان لە تاکسیەکانیان دابێت.

2. 3 کارتی زانیاری داواکراویان لە ناو تاکسییەکانیان بە گوێرەی ڕێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بۆیان دروست دەکرێت، هەڵواسیبێت.

3. بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو بەروارە دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ کە لە کاتی بینینی تاکسی بێ لۆگۆ ڕاستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت (بە بڕی ٤٠ چل هەزار دینار) و بە سیستم بۆی ڕەوانە بکرێت.

4. هەر شوفێرێکی تاکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری بە هۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاری تاکسییەکە، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند یەکلا نەکاتەوە، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر.

5. هەروەها بە گوێرەی ڕێنماییەکە، تاکسی ناوشار ناتوانێت لە هێلەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تەکسی هێلەکانیش ناتوانن لە ناوشار کار بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری هەموو شوفێرانی تاکسی دەکاتەوە کە سوود لەو ماوەی ماوە ( کە کەمترە لە دوو مانگ) وەربگرن و بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی شارەکەیان بکەن بۆ تەواوکردنی لۆگۆی تاکسی، تا لە سزای دارایی و لێپرسینەوە خۆتان بپارێزن.

ئاماژە بەوەشدرا، پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە ڕۆژانە تاکسی بەکار دەێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی کاریان یان چوونە بازار و شوێنی دیکە.

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، هەموو زانیارییەکانی شوفیری تاکسی لە لای بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند دەپارێزرێ و سەرنشین لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ هەر تاکسییەکە، لە ڕێی ئەو کارتانەی زانیاری کە هەڵدەواسرێ، زانیاری دەربارەی شوفێرەکە دەزانێت.