ئێران کەسێکی بە تۆمەتی "بە قاچاغبردنی ژنان بۆ لەشفرۆشی" لەسێدارەدا
K24 - هەولێر
دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، سەرۆکی تۆڕێکی بەقاچاغبردنی ژنانی ئێرانی بە مەبەستی لەشفرۆشی لە سێدارەدا.
ماڵپەڕی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند: "شەهروز سەخنووری ناسراو بە (ئەلێکس) کە سەرکردایەتی "تۆڕێک دەکات بۆ بە قاچاغبردنی ژنان و کچانی ئێرانی بۆ وڵاتانی دراوسێ".
دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەخنووری بەرەبەیانی رۆژی شەممە 20ی ئایاری 2023، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە مەبەستی لەشفرۆشی لەسێدارە دراوە".
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەلێکس لە ساڵی 2020 لە مالیزیا دەستگیرکراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ئێران، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.
ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا) بڵاویکردەوە، "دەسەڵاتداران چەند ژنێکیشیان لە هەمان کەیسدا دەستگیرکردووە و رووبەڕووی تۆمەتی ترسناک کراونەتەوە".
هەروەها دەسەڵاتی دادوەری ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی" و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو ژندا سەپاند. بەڵام داکۆکیکاران رایانگەیاندبوو، کە ئەوان داکۆکیکارن لە مافەکانی کۆمەڵگا لە هەردوو تۆمەتەکە بێتاوانن.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا کە لەم هەفتەیەدا بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی 2021، 314 کەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2022 دا بەرزبووەتەوە بۆ 576 کە لە دوای چینەوە دووەم بەرزترین رێژەی لەسێدارەدانە.